Zana Natık Kerem
29 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2018
نیویۆرك ــ AA
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئەو مووشەكە بالیستیانەی كە بەم دواییانە لە لایەن حووسییەكانەوە ئاراستەی ژمارەیەك شاری سعوودیە كران لەنێویاندا شاری ریازی پایتەخت كە بە هۆیەوە كەسێك كوژرا، بە توندی ئیدانە دەکات.
لە بەیاننامەیەکدا كە كۆپییەكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەداوە كە ئەو جۆرە هێرشانە، هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی سعوودیە و ئاسایشی ناوچەکە دروست دەكات.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راشیگەیاندووە كە لەهەمبەر بەردەوامی هێرشی مووشەكی حووسییەكان بۆ سەر سعوودیە هەست بە نیگەرانی دەكات.
لە بەیاننامەكەدا ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، نیگەرانی خۆی لە هەمبەر بەردەوامی خراپبوونی رەوشی مرۆیی لە یەمەن نیشانداوە و داوای لە سەرجەم لایەنەكان لە یەمەن كردووە كە رێگە بە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ لێقەوماوان بدەن.
رۆژی یەكشەممەی رابردوو هاوپەیمانییەتی عەرەبی بە سەركردایەتی سعوودیە رایگەیاند بوو كە حەوت مووشەكی بالیستی تێشكاندووە كە حووسییەكان لە یەمەنەوە ئاراستەیان كرد بوو.
زانراوە كە بە هۆی تێكشكاندنی مووشەكە بالیستییەكان، هاووڵاتییەكی میسری نیشتەجێی سعوودیە كوژرا بوو.