Mazın Asad
09 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2016
سەرۆکوەزیرانی یۆنان، ئالێکسز چیپراس سەردانی تارانی پایتەختی ئێرانی کرد و لە کۆشکی سەدابەت لەگەڵ جێگری سەرکۆماری ئێران، ئیسحاق جیھانگیری کۆبووەوە.
کۆبوونەوەی چیپراس و جیھانگیری دوور لە چاوی کامێراکان بەڕێوە چوو کە تێدا لە چەندین بوارد رێککەوتن لە نێوان ھەردوو وڵات واژۆ کرا. لە کۆبوونەوەی شاندی نێوان ھەردوو وڵات رێککەوتنی ھەڵگرتنی فیزە بۆ دیپلۆماتکاران و سێ رێککەوتنێکی دیکە بۆ پێشخستنی پەیوەندیی نێوانیان واژۆ کرا.
لە رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنەکان، جێگری سەرکۆماری ئێران، ئیسحاق جیھانگیری رایگەیاند: "کۆبوونەوەکان لەبارەی وزە، نەوت و گاز، بەرھەمەکانی پێتڕۆکیمیا، بارھەڵگری وشکایی و دەریایی و بوارەکانی زانست و کولتووری ئەنجام دراوە. سەردانی سەرۆکوەزیرانی یۆنان بۆ ئێران دەرفەتێکی گرنگە بۆ گەشەسەندنی پەیوەندی ئابووری، سیاسی و کولتووری نێوان ھەردوو وڵات".
ھاوکات سەرۆکوەزیرانی یۆنان دوور لە چاوی کامێراکان لەگەڵ ھەریەک لە سەرکۆماری ئێران حەسەن روحانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژوەندییەکانی ئێران عەلی ئەکبەر ھاشمی رەفسەنجانی کۆبووەوە.