Mustafa Deveci
26 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2020
قودس - AA
لێکنزیکبوونەوەی ئیماڕات و ئیسرائیل بەردەوامە و بەپێی راگەیەندراوێکی ئۆفیسی میدیایی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بینیامین ناتانیاهو، ناتانیاهو داوای لە شاندێکی باڵای ئیسرائیل بە سەرکردایەتی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، مێر بێن شابات کردووە سەردانی ئەبو زەبی بکەن لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان.
لە شاندەکەی ئیسرائیل-دا کاربەدەست لە وەزارەتەکانی گەشتوگوزار، تەندروستی، وزە و بەرگری و چەندین وەزارەتی دیکە هەیە و بە یاوەری شاندێکی ئەمریکی کە لە نێویاندا زاوا و راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، جارید کۆشنەر و راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، رۆبێرت ئۆبراین هەیە، سەردانی ئیماڕات دەکەن.
-هێڵە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل یەکەم گەشتی بازرگانی خۆی لە نێوان تەلئەبیب و ئەبوزەبی ئەنجامدەدات
لەم نێوەندەدا میدیای ناوخۆیی ئیسرائیل رایگەیاند کە شاندەکەی ئیسرائیل و ئەمریکا لە رێگەی فڕۆکەیەکی تایبەت بە کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی دەچن بۆ ئەبوزەبی و بەمەش یەکەم گەشتی راستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و ئیماڕات ئەنجام دەدرێت.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە بەرواری ١٣ی ئابدا سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد تڕەمپ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە نێوان ئیسرائیل و ئیماڕات راگەیاندبوو.
لە راگەیەندراوێکی هاوبەشی ئیسرائیل، ئەمریکا و ئیماڕات-دا ئاشکراکراوە کە لە هەفتەکانی داهاتوودا کاربەدەستانی ئیماڕات و ئیسرائیل کۆدەبنەوە و رێککەوتنی دوو قۆڵی لە بارەی وەبەرهێنان، گەشتوگوزار، گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی، ئاسایش، پهیوهندییهكان، تەکنەلۆجیا، تەندروستی، وزە و ژینگە ئەنجامدەدەن.
دوای راگەیاندنی رێککەوتننامەکە سەرۆکی دەستەی هەواڵگیری ئیسرائیل، یۆسی جۆهێن هەفتەی پێشوو بۆ یەکەمجار سەردانی ئەبوزەبی کرد و چاوی بە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەویی ئیماڕات، شێخ تحنون بن زایید کەوت.
جێی ئاماژەیە کە ئیماڕات بووە سێیەم وڵات دوای میسر و ئوردن کە رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل واژوو کردووە.