Muhammet Tarhan
13 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 13 ئاب 2021
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەریی سوودان، عەبدولفەتاح بورهان، ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا هەردەم پشتیوانی سوودان بووە.
عەبدولفەتاح بورهان کە بە سەردانێکی فەرمی لە تورکیایە، لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆماری لە ئەنقەرە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشی سازکرد.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، عەبدولفەتاح بورهان بەناوی خۆی، حکوومەتی سوودان و گەلەکەیەوە سوپاسی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیای کرد.
بورهان باسی لەوە کرد کە پەیوەندی ریشەیی و مێژوویی لەنێوان تورکیا و سووداندا هەیە و، رایگەیاند: "ئەوەی ئەرکە لەسەر شانمان پاراستنی ئەو پەیوەندییانە و زیاتر بەرەوپێش بردنییەتی".
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەریی سوودان سەرەخۆشی ئاڕاستەی تورکیا کرد بەهۆی گیان لەدەستدانی ئەو کەسانەی بەهۆی ئاگرکەوتنەوە و لافاوەوە لە چەند رۆژی رابردوودا گیانیان لەدەستداوە و رایگەیاند: "کۆماری تورکیا دەوڵەتێکی گەورەیە. هەم لە ناوچەکەدا هەمیش لە جیهاندا وڵاتێکی رێبەرە".
عهبدولفهتاح بورهان گوتیشی: "تورکیا هەردەم پشتیوانی لە سوودان کردووە. بە تایبەتی لەو پرۆسەی وەرچەرخان و گۆڕانکارییەی سوودانی پێدا تێپەڕی تورکیا لە پاڵماندا بوو. پشتیوان بەخوا بە پشتیوانی تورکیا و دۆستانی راستەقینەی وەک تورکیا ئەم قۆناغەش تێدەپەڕێنین".
بورهان باسی لەوەیش کرد کە تورکیا لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێدا هاوکار و پشتیوانی سوودان بووە، لە هەمان کاتدا لە بواری پەروەردە و خوێندنیشدا میوانداریی خوێندکارانی سوودانی کردووە.
هەروەها سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەریی سوودان باسی لەوە کرد کە تورکیا بووەتە دەنگی سوودان لەپێناو هەڵگرتنی هەر جۆرە سزایەک کە بەسەر وڵاتهكهدا سەپێندراوە.
عەبدلفەتاح بورهان ئەوەشی خستەڕوو کە بەمەبەستی بەهێزترکردنی بوارەکانی هاریکاری نێوان هەردوو وڵات و، زیادکردنی ئەو پەیوەدیانەی کە هەیە ئەو سەردانەی بۆ تورکیا ئەنجامداوە.
گوتیشی: "بهر له کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە زنجیرەیەک رێککەوتن، پرۆتۆکۆل و یاداشتنامەمان واژوو کرد. ئەوانە لە قۆناغی واژوو کردندا نامێننەوە و، بە واتای هاریکاری راستەقینە بەجێ دەگەیەندرێن و دەرەنجامی راستەقینەیان دەبێت".
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەری سوودان، عەبدلفەتاح بورهان هیوای خواست سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان-یش سەردانی سوودان بکات.