سياسەت, جيهان

عەتا شێخ حەسەن: "هه‌موو ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئیراده‌ی خه‌ڵك"

پارتی دیموكرات لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستی بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نەكردووە، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی سلێمانی و هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان ، عەتا شێخ حەسەن دەڵێت دەنگەكانی حزبەكەی لە سلێمانی روو لە هەڵكشانە.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 16.04.2018 - نوێکردنەوە : 17.04.2018
عەتا شێخ حەسەن: "هه‌موو ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئیراده‌ی خه‌ڵك"

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی سلێمانی و هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان ، عەتا شێخ حەسەن لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و بەرنامە و كارنامەی حزبەكەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و دەنگەكانی ئەو حزبە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە سنوورەكەدا دەكات.

عەتا شێخ حەشەن گوتی: "ئێمە تا ئێستا دەستمان بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن نەكردووە. لە رۆژانی داهاتوو لە گردبوونەوەیەكی جەماوەری فراواندا بە رەسمی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی سلێمانی و هەڵەبجە و دەڤەرەكانی گەرمیان و راپەرین رادەگەیەنین، بۆیە تا ئێستا جگە لە دەركردنی بەیاننامەیەك لە لایەن ئەنجوومەن لەسەر دەستپێكردنی هەڵمەتەكە هیچ هەنگاوێكی ترمان نەناوە".

ئەو گوتی: "هەموو قەوارەیەكی سیاسی مافی خۆیەتی لە ساتی یەكەمی دەستپێكردنی هەڵمەتەكەوە بانگەشەی خۆی دەستپێبكات، بەڵام سروشتی ئێمە وایە كە شتمان مەدروسە و پەلە ناكەین ، ئێمە كات و ساتی خۆیمان داناوە بۆ ئەوەی دەست بە بانگەشە بكەین و بەفەرمی رابگەیەنرێت ، ئەوەش بڕیاری خۆمانە و دەزانین چۆن پلە پلە سەردەكەوین لە بانگەشەدا".

لە بارەی دۆخی سلێمانی لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن و مەترسییەكانی بەریەكەوتنی قەوارە سیاسییەكان و ئەگەری رووبەڕووبونەوەی بارەگا و كادرانی حزبەكەشی بۆ هێرش و پەلاماری لایەنگرانی قەوارەكانی تر لەو ماوەیەدا، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە لە وەڵامدا گوتی: "سلێمانی ئێستا سروشتێكی جەنجاڵی هەیە لە رووی سیاسییەوە كە بەداخەوە رەنگە خاڵێكیان ئەوە بێت كە شارێكی سنوورییە و لەژێر كاریگەری دەرەوەی خۆیدا هەندێك شت مەنەفێست بكرێت كە ئەوەش راستییەكە، بەشەكەی خۆمان كە لێی بەرپرسیارین بەڵێن دەدەین كە ئاشتی و ئارامی كۆمەڵایەتی و سیاسی بپارێزین و بانگەشەی خۆمان بە شێوەیەكی عاقڵانی و مەدەنیانە و دیموكراسیانە بەڕێوەبچێت، ئێمە حزبی توراسین و لەگەڵ توراسی كۆمەڵگە راهاتووین و رێز لە توراس و فەرهەنگی كۆمەڵایەتی دەگرین ، رێز لەو فشارە دەرونییە دەگرین كە ماوەیەكی بانگەشەی زبری راگەیاندنی لایەنەكانی تر لەسەر دەروونی خەڵك دروستیان كردووە ، ئێمە نامانەوێت چیتر دەروونی خەڵك جەنجاڵ بكەین و بە كەژاوەی ئۆتۆمۆبێل جەنجاڵی دروست بكەین لەسەر خەڵك، بەڵكو بە شێوەیەكی مەدەنیانە دەست بە بانگەشە دەكەین و ئامانجمانە زۆرترین ژمارەی خەڵكی كوردستان و ئەم شارە بەشداری هەڵبژاردن بكات".

ئەو بەرپرسەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەش كرد، پێشبینی هەموو شتێك دەكەن لە ماوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن وەك چۆن لە كاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی رابردوودا بارەگا و لایەنگرانیان رووبەڕووی هێرش و پەلامار بوونەوە، ئەو گوتی: " لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی كە پێكهاتووە لە پارێزگار و قایمقام و پۆلیس و ئاسایش و لیژنە ئەمنییەكانی تر ، بەرپرسیارییەتی یەكەمیان دەكەوێتە سەرشان بۆ پاراستنی بارەگا و كادرانی ئێمە و پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و سیاسی، ئەوان لە پێشەوەی هەڵگرتنی هەموو بەرپرسیارێتییەكن ، ئومێد دەكەین حاڵەتی نا سروشتی دروست نەبێت و هەمووان بە رەوشتێكی دیموكراسیانە و مەدەنیانە بچینە نێو پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە".

لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا لە كۆی 329 كورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پارێزگای سلێمانی 18 كورسی هەیە كە دەكاتە رێژەی ( 5،5 )ی كورسیەكان، 211 كاندید لە 12 لیست و قەوارەی سیاسی لەم پارێزگایەدا كێبڕكێی بەدەستهێنانی ئەم كورسیانە دەكەن، چەقی ململانێی لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانیش (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و نەوەی نوێ‌) دەكەوێتە سلێمانییەوە و چاوەڕوانی كێبڕكی و ململانێیەكی سەخت لەكاتی هەڵمەتی بانگەشە و رۆژی دەنگدانیشدا دەكرێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای سلێمانی دوو كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش 28 كاندیدی لە سنووری ئەم پارێزگایەدا هەیە ، گوتەبێژی پارتی لە سلێمانی لە بارەی پێشبینییەكانی ئەو حزبە بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق و ئەنجامەكانیان لە سنووری سلێمانی، گوتی:" كایەی سیاسی سلێمانی كایەیەكی پڕ لە ململانێ‌ بووە ، ئێمە بەرپرسیار نین لەو ململانێ‌ ناهەقەی كە دەكرێت، بە پێچەوانەوە مەبەستمانە ململانێیەكی عەقڵانی لەسەر ئاستی بردنەوەی ئیرادەی خەڵك، هێزی سیاسی رەسەن ئەو هێزانەن كە بەرەنجاكی ئیرادەی خەڵكن ، ئەوەی ئێستا لە دەزگاكانی راگەیاندن و واقیعی مەیدانی سلێمانی دەیبینین گرژییەك هەیە، بەڵام ئەو گرژییە نە ئێمە تەدەخولی تێدا دەكەین نە لێشی بەرپرسین، ئومێد دەكەین هەموو هێزەكان بگەڕێنەوە بۆ دەنگ و ئیرادەی خەڵك، بۆ ئەو دیزاینە سیاسییەی كە دواجار دەبێت بە دەنگی خەڵك رەنگ رێژ بكرێت".

عەتا شێخ حەسەن ئەوەشی گوت: "وەك پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەنگ و قورسایی خۆمان لە پێگەی مێژوویی و ستراتیجی نەتەوەیی خۆمان زۆر دڵنیاین لە خەڵكی كوردستانیش زۆر دڵنیاین و دەزانین خەڵكی بە ئەمەكی خۆمان ئەو نەهامەتی و قوربانی 100 ساڵەی پێشووی تەنها بۆ دروستكردنی قەوارەیەكی خۆماڵی بووە ، ئێمە چونەوەشمان بۆ بەغدا مەبەستمانە قەوارەی سیاسی و ئیداری و جوگرافی هەرێمی كوردستان بپارێزین ، بۆیە لە سەنگ و داهاتووی خۆمان و ستراتیجی خۆمان لە داهاتووی عێراقدا لە هەمووی دڵنیاین ، ناشچینە نێو ململانێیەك کە دواجار ببێتە هۆی نیگەرانی و بارگرژی".

بەرپرسەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی، گەشبینە لەوەی دەنگی حزبەكەی لە سنوورەكەدا روو لە هەڵكشان بێت، ئەو گوتی:" بەپێی ئەو راپرسیانەی كە كراوە دەركەوتووە سەنگ و قورسایی پارتی لەم شارەدا بەرەو هەڵكشانە، دەنگەكانیشمان بەرەو هەڵكشانە چونكە پارتی حزبی توراس و نەتەوە و ستراتیجی نەتەوەیە ، بۆیە دڵنیاین دەنگەكانمان بەرەو سەرەوە دەڕوات، بەپێچەوانەوە رەنگە هێزەكانی تر كە پەڕ و باڵ و دەنوكی زۆریان لێبووەتەوە ئەوان دەنگەكانیان دابەش بێت بەسەر ئەو قەوارە سیاسییانەی كە تازە هاتوونەتە مەیدانەكە ، بەڵام لەو دۆخەی سلێمانی و ململانێ‌ ناشارستانیەدا بە دڵنیاییەوە دەزانین خەڵكی مەدەنی شار و جەماوەری دەنگدەری سلێمانی بۆ ئێمەیە، سروشتی شارەكەش وایە كە پێویستی بە فرەییە لە رووی سیاسی و قەمی و مەزهەبیەوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın