Zana Natık Kerem
30 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 01 تەمووز 2019
ئەنقەرە ــ AA
دوای دیدارەکەی لەگەڵ سەرکردەی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ-ئون سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژنامەوانان دوا و رایگەیاند کە دیدارێکی زۆر باشیان ئەنجامداوە.
دۆناڵد ترەمپ گوتی: "لە کاتێکی گونجاودا، لەگەڵ سەرکردەی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ-ئون سەردانی وڵاتی یەکتر دەکەین و ھەر بۆ ئەو مەبەستەش داوام لێی کرد سەردانی کۆشکی سپی بکات".
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئەتۆمیش سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ گوتی: "لە میانی چەند ھەفتەی داھاتوودا دانوستانەکانی ئەتۆمی دەست پێ دەکاتەوە، بەڵام ئامانجامان پەلەکردن نییە".
دۆناڵد ترەمپ باسی لە کاتی تێبەڕاندنی (ھێڵی جیاکەرەوە)ی کرد گوتی: "بە گەیشتنم بۆ ھێڵی تێبەراندنی (ھێڵی جیاکەرەوە) لە کیم جۆنگ-ئونم پرسی دەتوانم لە سنوور بپەڕمەوە، ئەویش لە وەڵامدا گوتی ' بێ گومان ئەوە بۆ من شەرەفێکی گەورە' ".
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە لە قۆناغی داھاتووی دانوستانەکاندا، دۆسیەی سزاکانی سەر کۆریای باکوور لەگەڵ کیم جۆنگ-ئون تاوتوێ دەکات و گوتی: "لەئێستادا سزاکانی سەر کۆریای باکوور، درێژەیان دەبێت".
ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ سەرکردەی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ-ئون لە ناوچەی لە چەک داماڵراوی نێوان کۆریای باکوور و کۆریای باشوور چاویان بەیەک کەوت.
ھەردوو سەرکردە لە ناوچەی لە چەک داماڵڕاو تەوقەیان لەگەڵ یەکتر کرد و دۆناڵد ترەمپ چووە نێو سنووری کۆریای باکوور و بوویە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە دەچێتە نێو خاکی کۆریای باکوورەوە.
کیم جۆنگ-ئون ئاماژەی بەوەدا کە دۆناڵد ترەمپ بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ھەردوو وڵات ئەو سەردانە کورتەی ئەنجامداوە و رایگەیاند "تێپەڕاندنی ھێڵی سنوور لە لایەن ترەمپ-ەوە کردەوەیەکی ئازایانەیە بۆ کۆتاییھێنان بەو رابردووە ناخۆشە".
لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی کە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا بووە پێ دەنێتە سنووری خاکی کۆریای باکوورەوە، ھاوکات بە گرنگییەوە باسی لە دۆستایەتی خۆی کرد لەگەڵ کیم.