Zana Natık Kerem
22 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 22 کانوونی دووەم 2017
نەینەوا ــ AA
وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند كە ئەمڕۆ بەفەرمی پڕۆسەی خوێندن لە قوتابخانەكانی رۆژهەڵاتی مووسڵ دەستی پێكردەوە.
بەهۆی كۆنتڕۆڵكردنی شاری مووسڵ لەلایەن داعشەوە، ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە، پڕۆسەی خوێندن لەو شارە پەكخراوە، بەڵام ئەمڕۆ پڕۆسەی خوێندن لە قوتابخانەكانی رۆژهەڵاتی شارەكە، دەستی پێكردەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ئیبراهیم سەبتی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەسەر بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، ئەمڕۆ پڕۆسەی خوێندن لە قوتابخانەكانی گەڕەكە كۆنتڕۆڵكراوەكانی بەشی چەپی مووسڵ دەستی پێكردووە و هەروەها ژمارەیەكی زۆری قوتابی روویان لە قوتابخانەكان كردووە بۆ ئەوەی ئەمساڵی خوێندنیان لەدەست نەدەن".
ئیبراهیم سەبتی گوتیشی: "وەزارەتی پەروەردە هیچ زانیاری لەسەر ئەو پڕۆگرامانەدا نییە كە داعش بەقوتابیانی لەو ناوچانەی ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی گوتووەتەوە".
گوتەبێژەكە ئاماژەی بەوەش دا كە ژمارەیەكی زۆری قوتابی لە بەشی راستی مووسڵ بۆ خوێندن روویان لە قوتابخانەكانی بەشی چەپی شارەكە كردووە.
بەگوتەی ناوبراو كە ماوەی چەند مانگێكە پڕۆسەی خوێندن لە قوتابخانەكانی دەورووبەری شاری مووسڵ دەستی پێكردووەتەوە بەتایبەتیش لەناحیەكانی گەیارە و حەمام عەلیل.
ئیبراهیم سەبتی باسی لەوەشكرد كە وەزاراتەكەیان بەهەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگاكانی دیكە دەستیان كردووە بەدووبارە ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانی ئەو قوتابخانانەی كە بەهۆی شەڕو پێكدادان و بۆردومانەكانەوە زیانی ماددیان پێگەیشتوو.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ٧٠ قوتابخانەی لە بەشی چەپی مووسڵ دیاریكردووە كە ئەمڕۆ پڕۆسەی خوێندن تیایاندا دەستی پێكردووە.
لەبەیاننامەیەكدا كە وەزارەتەكە بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە بەوە كراوە كە وەزیری پەروەردە، محەمەد ئیقبال بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەینەوای راسپاردووە لە سەروویانەوە بەڕێوەبەری گشتی كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ هەماهەنگ بن لەگەڵ هێزەكانی ئەمنی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا بۆ ئەنجامدانی وردی بینی ئەمنی لە قوتابخانەكانی رۆژهەڵاتی مووسڵ لەپێناو پاراستنی گیانی قوتابیان.