Muhammet Ali Kemal
27 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2016
كۆشكی سپی رایگەیاند ئەگەر بێت و ئەنجامی خوازراو لە ناردنی ئەو سەربازە زیادانەی وڵاتەكەی لەچوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعشدا بۆ سووریایان دەنێرێت، بەدی بێت، ئەوا پێدەچێت سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما ئەگەری ناردنی سەربازی دیكە لەبەرچاو بگرێت.
گوتەبێژی كۆشكی سپی، جۆش ئێرنست لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی سەبارەت بە بڕیاری ناردنی ٢٥٠ سەربازی دیكە لەلایەن ئیدارەی ئەمریكاوە بۆ سووریا، دایەوە.
ئێرنست لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی لەدەرەوەی ئەو ٢٥٠ سەربازە ئەمریكییە كە یەكەی هێزە تایبەتەكانیش لەخۆدەگرن، ئایا ئەگەری ناردنی سەربازی دیكە لەچوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا بۆ سووریا لە داهاتوویەكی نزیكدا لە ئارادایە یا نا، رایگەیاند ئەمە بەندە بەو ئەنجامەی لە ناردنی ئەو ٢٥٠ سەربازە دەستمان دەكەوێت.
جۆش ئێرنست رایگەیاند: ''ئەگەر ئەنجامی خوازراو و ئەرێنی لە ناردنی ئەو سەربازە زیادانە بەدەست بێت، ئەو كاتە ناردنی سەربازی دیكە كارێك دەبێت كە سەرۆك ئۆباما لەبەرچاوی دەگرێت''.
گوتەبێژەكەی كۆشكی سپی باسی لەوەكرد كە داواكارییەكی لەم جۆرە لەلایەن پێنتاگۆنەوە دەكرێت و لای خۆیشییەوە ئۆباما یان پەسەندی دەكات یان رەتیدەكاتەوە و لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەشدا، ئێرنست ئاشكرایكرد سەبارەت بە ناردنی سەربازانی ئەمریكی لەچوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا ''هیچ سنوورداركردنێكی جوگرافیی'' جێگەی باس نییە.
ئێرنست ئاماژەی بەوەكرد هەریەك لەو وڵاتانەی كە ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە چالاكییان تێدا ئەنجام دەدات، بەشێوەیەكی سەربەخۆ هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت و زانیاری ئەوەشی دایە رۆژنامەوانان كە لەئێستادا هیچ باس و خواسێك سەبارەت بە ناردنی سەربازانی ئەمریكی بۆ هەر وڵاتێكی دیكە، لە ئارادا نییە.
دوێنێ سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما رایگەیاندبوو كە لەچوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا، وڵاتەكی ٢٥٠ سەرباز كە یەكەی هێزە تایبەتەكانیش لەخۆدەگرن، بۆ سووریا دەنێرێت. ئاشكراشیكردبوو كە ئەو سەربازانە رابەرایەتی ئۆپەراسیۆنەكان لە مەیدانەكانی جەنگدا ناكەن بەڵكو راوێژ دەدەنە ئەو هێزانەی كە لەگەڵ داعش دەجەنگن، هاوكارییان پێشكەش دەكەن و مەشقیان پێدەكەن.