Azat Muhammet
19 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2016
دهۆک -AA
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، ئیبراهیم برۆ لە هەڤپەیڤینێکى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو بە نیگەرانییەوە لە ئایندەى سووریا دەڕوانێت و دەڵێت: "لە ئێستادا دۆخى سووریا بە گشتى بەرەو قۆناغێکى نوێ تێپەڕیوە، بەهۆى سیاسەتى دیکتاتۆرانەى پەیەدەوە ئایندەى کورد لە سووریا لەژێر هەڕەشەیەکى مەترسیداردایە، هێزەکانى پەیەدە دەستى خستووەتە ناو دەستى پەکەکە و رژێمى ئەسەد بۆ ئاڵۆزکردنى تەواوى ناوچەکە، لەم هاوکێشەیەدا قوربانى یەکەم کوردی سووریایە ئینجا هاووڵاتییانى دیکەى وڵاتەکە".
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا گوتی: "سووریا لە رووى ئابوورى، دارایی، سیاسى، کۆمەڵایەتى و ئەمنییەوە رۆژ لە دواى رۆژ بەرەو خراپتر هەنگاو دەنێت، بۆ پاراستنى بەرژەوەندى کورد لە سووریا پێویستە بە زووترین کات پەیەدە دەست لە سیاسەتى تیرۆریستانە و دیکتاتۆرانەى خۆى بەربدات، چونکە ئەم سیاسەتەى پەیەدە بە پاڵپشتى پەکەکە و رژێمى ئەسەد پەیڕەوى دەکات لە سووریا خەباتى چەندین ساڵەى کورد لە سووریا دەخاتە مەترسییەوە و زەرمەندى یەکەم کورد دەبێت".
ئیبراهیم برۆ، ئاماژەی بە هەڕەشەى رژێمى ئەسەد کرد لەسەر ناوچە کوردییەکانى سووریا و گوتى: "پەیەدە دەستى خستووەتە ناو دەستى رژێمى ئەسەد و یەک سیاسەتى دیکتاتۆرانە بەرامبەر دانیشتووان پەیڕەو دەکەن، مەترسییە گەورەکە ئەوەیە ئەگەر رژێمى بەشار ئەسەد لە ئان و ساتێکدا ئاراستەى هێزەکانى دژبە گەلى کورد بگۆڕێت لە سووریا، ئەو کاتە کارەساتێکى مرۆیی بەرپا دەبێت و تەواوى ناوچەکە بە ئاگرى سیاسەتە چەوتەکانى پەیەدەوە دەستووتێت، هەرچەند دەزانین پەیەدە، پەکەکە و رژێمى ئەسەد بەهیچ شێوەیەک کار ناکەن بۆ بەرژەوەندى کورد لە سووریا و، داواکارین نەبنە هۆکارى نەهامەتى زیاتر بەسەر هاووڵاتییاندا".
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، ئیبراهیم برۆ رووى قسەکانى دەکاتە لایەنى نێودەوڵەتى و بە کەمتەرخەم لە قەڵەمیان دەدات بەرامبەر تەواوى پێشێلکارییەکانى کە لە سووریا دەگوزەرێن و گوتی: "لە کاتێکدا چەندین سیاسەتى هەڵە لەلایەن پەیەدە و رژێمى ئەسەد و هێزە جیا جیاکانى سووریا لە بەرامبەر کورد پەیڕەو دەکرێت لایەنى نێودەوڵەتى هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە و هیچ هاوکارییەکیشیان نەبووە، بەداخەوە هەرێمى کوردستان لەبەر بوونى قەیرانى دارایی لە توانایدا نییە وەک پێویست کوردى سووریا لە دۆخە چەقبەستووەکە رزگار بکات، لە ئێستادا بۆ ئارامکردنەوەى دۆخەکە و گەڕانەوەى ئاسایش بۆ ناوچەکە پێویستى بە یەک هەڵویستى لایەنى ناوخۆیی سووریا و لایەنى نێودەوڵەتى و هەرێمى کوردستان هەیە".
ئیبراهیم برۆ گوتى: "لەسەدا ٥٠ی دانیشتووانى سووریا بەهۆى شەڕ و جەنگى داعشەوە پەنابەرى وڵاتان بوون، بەڵام کورد لە سووریا پێش جەنگى داعش ئاوارەى هەرێمى کوردستان بوون، چونکە رێککەوتنى نێوان پەیەدە و پەکەکە و هەموو ناوەکانى دیکەى سیاسى سەربە پەکەکە دانیشتووان و هاووڵاتییانى ناوچەکەیان چەوساندەوە و دیکتاتۆرانە مامەڵەیان بەرامبەر دەکردن، بۆ هیچ هاووڵاتییەک نەبوو لە دەرەوى بازنەى ئایدۆلۆجیاى پەیەدە و پەکەکە بیر بکاتەوە و بڕیار بدات. ئێستایش بە هەمان شێوە هەر هاووڵاتییەک پێچەوانەى بیروباوەڕى پەیەدە و پەکەکە لە سووریا بیر بکاتەوە ئەگەر نەیکوژن بێگومان دەیڕفێنن و دەکەوێتە بەر ئەشکەنجە".
ناوبراو گوتیشى: "بەهۆى بوونى رژێمى ئەسەد، هێزە چەکدارە ئیسلامییە توندڕەوەکان، داعش و بەرەى نوسرە، سووریا لەبەردەم هەموو ئەگەرێکدایە، هەڕەشەى کارەساتى مرۆیی میوانى هاووڵاتییانى سڤیلى شار و شارۆچکەکانی سووریایە، ئەم هەموو هێزە چەکدارانەى سووریا دەرگاشیان لەبەردەم دابەشبوونى سووریا کردووەتەوە".
سەبارەت بە رفاندن و دەستبەسەرکردنى ئەندامان و لایەنگرانى پارتە کوردییەکان لەلایەن پەیەدەوە، سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا گوتى: "ئاسایشى پەیەدە بەردەوامە لە دەستبەسەرکردنى ئەندامانى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا و ئەندامانى پارتى دیموکراتى سووریا، جگە لە رفاندن و دەستبەسەر کردن، حاڵەتى کوشتنیش هەبووە. تا ئێستا نزیکە ٤٠ ئەندامى دیارى (ئەنەکەسە) لەلایەن پەیەدەوە دەستبەسەرن و چارەنووسیان نادریارە تەنانەت بۆمان نییە سەردانیشیان بکەین".
ئیبراهیم برۆ گوتیشی: "سەربازى زۆرەملێ لەلایەن پەیەدەوە بەسەر خەڵکیدا فراوانترکراوە، جاران چەند چین و توێژێکى دەگرتەوە، بەڵام لە ئێستادا پەیەدە دەستى بردووە بۆ قوتابیانى زانکۆ بەبێ گوێدانە ئایندەى ئەو قوتابیانە لە زانکۆکان قۆڵبەستیان دەکەن و بەرەو سەربازگە نهێنییەکان دەیانگوازنەوە و لەبرى پێنووس ناچارى هەڵگرتن و بەکارهێنانی چەک و تەقەمەنییان دەکەن. لێرەدا منداڵانیش بێ بەش نین لە سەربازى زۆرەملێ".