Hamit Hüseyin
20 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 21 تشرینی دووەم 2017
ھەولێر - AA
ماڵپەری فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیەنراوێکى مەسعود بارزانی لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراقەوە بڵاو کردەوە و دەلێت: "بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵ بڕیارێکی تاکلایەنە و سیاسییە و دەقە دەستوورییەکانی لە بەرژەوەندیی ھەندێ لایەنی سیاسیی تەفسیر کردووە و پێشێلکردنی ٥٥ ماددەی دەستووری لە لایەن حکوومەتی عێراقی نادیدە گرتووە، کە ھەر ئەو پێشێلکردنە بوو گەلی کوردستانی ھان دا بە پشتبەستن بە دەستوور مافی ئاسایی و یاسایی خۆی بە شێوەیەکی ئاشتیانە و دیموکراتی مومارەسە بکات.
دەقی راگەیەنراوى مەسعود بارزانی بۆ ڕای گشتی:
بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
لە ھەر دەوڵەتێکی فیدڕاڵیدا ئاساییە کە دادگەیەکی فیدڕاڵیی دەستووری ھەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و ناکۆکییانەی دەکەوێتە نێوان ھەرێمەکان و ناوەند. بەڵام کۆمەڵێک پرسیاری دەستووری و یاسایی جیددی ھەیە لەبارەی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق و بڕیار و ھەڵوێست و بێدەنگبوونەکانی لەماوەی ڕابردوودا.
لەبارەی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵیی عێراق لە بەنادەستووریزانینی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان، پێویستە خەڵکی ھەرێمی کوردستان و ھاووڵاتیانی عێراق و گشت لایەک ئەوە بزانن، دادگەی فیدڕاڵیی عێراق بەر لە پەسەندکردنی دەستووری عێراق دروست کراوە و دەبوایە لە دوای پەسەندکردنی دەستووری نوێی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ ئەو دادگەیەی ئێستا ھەڵبوەشێتەوە و دادگەیەک بەپێی پێوەرە دەستوورییەکان کە لە ماددەی ٩٢ـی دەستووردا ھاتووە دابمەزرێت و، یاسایەکی بۆ دەربچێت کە چی تا ئێستا یاسای بۆ دەرنەچووە. بەڵام لە ٢٠٠٥ـەوە ھەتا ئێستا ئەو دادگەیە بەبێ ئەوەی بنەمای دەستووری و یاسایی ھەبێت لە کارەکانی بەردەوام بووە. ھەر ئەوەیش وای کردووە بکەوێتە ژێر ھەژموونی بارودۆخی سیاسی و ڕووداوەکان و لە ڕێڕەوە دەستوورییەکانی لا بدات و بە درێژایی کارکردنی دادگەیەکی سیاسیی بووە و بڕیارێکی وای نەداوە کە بێلایەنی پێوە دیار بێت.
ئەم دادگەیە لە ماوەی کارکردنیدا لەبەرانبەر ھەموو پێشێلکارییەکی دەستووری کە حکوومەتەکانی عێراق ئەنجامیان داوە بێدەنگی ھەڵبژاردووە. لە بڕیاری بە نادەستووریزانینی ڕیفراندۆمیشدا بە حەزی سیاسییەکان جووڵاوەتەوە و ھیچ خوێندنەوەیەکی بۆ ئەو دەقە نەبووە کە لە دیباچەی دەستووری عێراقدا ھاتووە کە "ان التزام بھژا الدستور یحفڤ للعراق اتحادە الحر شعبا و ارچا و سیادە ". ئەوە لە حاڵێکدایە کە زیاتر لە ٥٥ ماددەی دەستووری پێشێلکراوە و حکوومەتی عێراق پابەندی دەستوور نەبووە.
بۆچی ئەو دادگەیە لە پێکنەھێنانی ئەنجوومەنی ئیتحادی بێدەنگ بوو کە دەبوایە بەپێی ماددەی ٦٥ـی دەستوور دامەزرابا و ئەگەر ئەو ئەنجوومەنە بوونی ھەبوایە دەستەڵاتی تەشریعی کامڵتر دەبوو و ڕێگەی لە تاکڕەوی و پێشێلکردنی مافی ھەرێم دەگرت. بۆ چی ئەو دادگەیە لە بەرانبەر جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠ بێدەنگ بوو کە دەبوایە لە کۆتایی ٢٠٠٧ جێبەجێ بکرایە. خۆ ھەموو لایەک دەزانن جێبەجێنەکردنی ئەو ماددەی سەرچاوەی زۆرێک لە کێشەکان و بێ متمانەییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بوو.
دادگەی فیدڕاڵی لە ماوەی کارکردنیدا لەو کردەوانە بێ دەنگ بووە کە لەدژی خەڵکی کوردستان ئەنجام دراوە. دەبێ ئەو دادگەیە ئەوەیش ڕوون بکاتەوە کە بەپێی کام ماددەی دەستوور ھەر لە شوباتی ٢٠١٤ ھەتا ئێستا کەسێک بە یەک ئیمزا بەشە بودجەی گەلی کوردستانی بڕیوە؟ کە بەپێی ماددەی ١٢١ بڕگەی سێ، گەلی کوردستان مافی ئەوەی ھەیە بودجەی شاییستە و دادپەروەرانەی ھەبێت.
ئەو دادگەیە بۆ چی ڕێگەی لەوە نەگرتووە کە ھێزی چەکدار لەدژی خەڵکی کوردستان و بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە سیاسیەکان لە لایەن حکوومەتی عێراق بەکار بێت کە خۆی لە خۆیدا پێشێلکردنی ئاشکرای ماددەی ٩ـی دەستوورە کە نابێ ھێزی چەکدار بۆ سەرکوتکردنی گەلی عێراق بەکار بێت و دەست لە کاروباری سیاسی وەربدات. بۆ چی دادگەی فیدڕاڵی ھیچ بڕیار و ھەڵوێستێکی نەبووە لەبەرانبەر کۆمەڵکوژکردن و ئازاردان و تۆقاندن و ئاوارەکردنی خەڵک لە کەرکووک و خورماتو و شوێنەکانی تر؟
بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵ بڕیارێکی تاکلایەنە و سیاسییە و دەقە دەستوورییەکانی لە بەرژەوەندیی ھەندێ لایەنی سیاسیی تەفسیر کردووە و پێشێلکردنی ٥٥ ماددەی دەستووری لە لایەن حکوومەتی عێراقی نادیدە گرتووە، کە ھەر ئەو پێشێلکردنە بوو گەلی کوردستانی ھان دا بە پشتبەستن بە دەستوور مافی ئاسایی و یاسایی خۆی بە شێوەیەکی ئاشتیانە و دیموکراتی مومارەسە بکات. جگە لەوەیش پێویستە ھەموو لایەک بزانن ھیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستووری نییە کە بتواندرێ دەنگی سێ ملیۆن مرۆڤ بە نادەستووری بزاندرێ چونکە دەنگی گەل خۆی سەرچاوەی شەرعییەت و دەستوور و یاسایە.
مسعود بارزانی
٢٠ـی ١١ـی ٢٠١٧