Dlshad Saifaalddin Ahmed
19 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2018
سلێمانی ـ AA
كەمێك پێش ئێستا شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە دووەم سەردان و گفتوگۆكانیان لە شاری سلێمانی بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی حكوومەت، گەیشتە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان و لەگەڵ شاندی دانوستانكاری ئەو حزبە دەستیان بە كۆبوونەوە كرد.
شاندەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەریەك لە ئازاد بەرواری، مەحمود محەمەد، هۆشیار زێباری، جەعفەر ئیمینكی، هێمن هەورامی، دلشاد شەهاب و فرسەت سۆفی پێكهاتوون.
هاوکات لایەنی بزووتنەوەی گۆڕانیش پێكهاتوون لە هەریەك لە جەلال جەوهەر، جەمال محەمەد، رەئوف عوسمان، ئاراس وەلی، ئاوات شێخ جەناب، مستەفا سەید قادر و عەلی حەمەساڵح.
دوێنێ شاندەكەی پارتی بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ و دانوستانەكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی شاری سلێمانی-یان كرد، سەرەتاش سەردانی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-یان كرد و لەگەڵ شاندی دانوستانكاری ئەو حزبە كۆبوونەوە.
پارتی و یەکێتی دوای دوو كاتژمێر لە كۆبوونەوە بە راگەیەندراوێكی هاوبەش كۆتاییان بە دانیشتنەكەی نێوانیان هێنا و جەختیانكردەوە لە بەردەوامبوونی كۆبوونەوەكانیان لە ئایندەیەكی نزیكدا لەسەر پرسی پێكهێنانی حكوومەت.
ئەم كۆبوونەوانەی پارتی لەگەڵ لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، دووەم كۆبوونەوە و سەردانی شاندەكەی پارتی-یە بۆ سلێمانی. مانگێك لەمەوبەر شاندی پارتی یەكەم گەڕی گفتوگۆ و دانوستانەكانیان دەستپێكرد و سەردانی هەردوو لایەنی یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان-یان كرد لە شاری سلێمانی.
لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەدەستهێنانی ٤٥ كورسی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ٢١ كورسی و بزووتنەوەی گۆڕان بە ١٢ كورسی، بەڕیزبەندی سەركەوتوویی یەكەم، دووەم و سێیەمی هەڵبژاردنەكە بوون.
لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەرەتای ئەم مانگەدا، وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاندید كرد، هەروەها شاندێكی بۆ دەستپێكردنی كۆبوونەوە و گفتوگۆكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكوومەت لەگەڵ لایەنەكان پێكهێنا.