Zana Natık Kerem
17 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2017
غەززە ــ AA
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ئاكامی كردەیەكی خۆكوژی کە ژمارەیەك پاسەوانی ئاسایشی سنووری سەربە بزووتنەوەی حەماسی لە رۆژهەڵاتی دەروازەی رەفح باشووری كەرتی غەززە كردە ئامانج، پاسەوانێكی سنوور كوژرا.
لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ لە غەززە، ئەیاد بوزم ئاماژەی بەوە داوە كە بەربەیانی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەكان، دوو كەسیان لە كاتی نزیكبوونەوەیان لە سنوور راگرت كە یەكێكیان خۆی تەقاندەوە و بە هۆیەوە جگە لە كوژراوانی خۆکوژەکە ئەوەی دیكەش بریندار بوو.
ناوبراو باسی لەوەشكرد كە هەر بە هۆی كردە خۆكوژییەكە پاسەوانێكی سنوور كوژراوە و ژمارەیەكی دیکەش برینداربوون و بە مەبەستی چارەسەركردنیان رەوانەی نەخۆشخانەی ئەبو یوسف كراون و روونشی كردەوە كە رووداوەكە لە باشووری كەرتی غەززە رۆژهەڵاتی دەروازەی رەفح رووی داوە.
پێشتر سەرچاوە پزیشكییەكان رایانگەیاندبوو كە یەكێك لە بریندارانی كردە خۆكوژییەكە بە هۆی سەختی برینەكەیەوە بە ناوی نیزاڵ جەعفەری گیانی لەدەستداوە.
بە پێی ئەو زانیاریانەی كە ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوە ئەمنییەكان دەستی كەوتووە، دوو كەس كە گومان دەكرا سەربە رێكخراوێکی تەكفیربووبن هەوڵیاندابوو لە ناوچەی سینای میسر دەزە بكەنە كەرتی غەززە بەڵام لە كاتی راگرتنیان، یەكێكیان خۆی تەقاندەوە و ئەوەی دیكەشیان دەستگیركراوە.