Zana Natık Kerem
27 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننی عێراق، سەعد حەمید کەمبش بەسەرۆکایەتی شاندێک سەردانی شاری سلێمانی کرد و لە میانیدا چاوی بە ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لاھور شێخ جەنگی کەوت.
لەمبارەیەوە لاھور شێخ جەنگی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی پێشوازی لە سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننی، سەعد حەمید کەمبش و شاندی یاوەریی کردووە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە دیدارەکەدا بیروڕایان لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی تەبایی و پێکەوەژیانی ئایینی، لێبوردەیی، سەقامگیری، بەشداری و ھاوبەشیی ھەموو پێکھاتەکان لە جومگەکانی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی وڵاتدا، ئاڵوگۆڕکردووە.
ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لاھور شێخ جەنگی ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، ئاماژەیان بە ڕۆڵی کاریگەریی دیوانی وەقفی سوننی کردووە لە بواری زانستی و ئەکادیمی گرنگیدان بە ئاوارەکان و کەمکردنەوەی ئێش و ئازاری خێزان و خانەوادەکانیان کە بەھۆی لێکەوتەکانی شەڕی داعش زیانیان بەرکەوتووە و گوتوویەتی: "وەک یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئەوەی پێشکەش بە ئاوارەکانمان کردووە بە ئەرکی نیشتیمانیی و مرۆیی خۆمانمان زانیوە و بەردەوامیش دەبین لە پشتگیریکردن و ھاوکاریکردنی دیوانی وەقفی سوننی بۆ ھەر کار و چالاکی و پڕۆژەیەک کە لە ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق ئەنجامی دەدەن".
لاھور شێخ جەنگی ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە کە داوایانکردووە، دیوانی وەقفی سوننی گرنگی بە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان بدات، بەتایبەتیش لە نۆژەنکردنەوە و درووستکردنی مزگەوت و قوتابخانە و ناوەندە زانستی و ئەکادیمییەکان کە بە ھۆی شەڕی داعشەوە ئەو ناوچانە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.