Heman Hussein Yaseen
20 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 21 ئادار 2021
ههولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی نەورۆز ئاماژە بەوە دەکات کە نەورۆز بۆ گەلی کوردستان، ھەمیشە ھێما و سیمبولی ئازادی و نوێبوونەوەی ژیان و سەرکەوتن بووە و، داواش لە ھاووڵاتییان دەکات کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن بەتایبەت لە رۆژانی جەژنی نەورۆزدا.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تیاییدا ھاتووە: ''بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردییەوە ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و ھێزە ئەمنییەکان و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان دەکەم . ھیوادارم ساڵی خۆشی و خۆشگوزەرانی بێت بۆ گەلی کوردستان''.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە، نەورۆز بۆ گەلی کوردستان، ھەمیشە ھێما و سیمبولی ئازادی و نوێبوونەوەی ژیان و سەرکەوتن بووە ، بۆیە ھیوادارم ئەم نەورۆزە، ببێتە مایەی بە دیھێنانی ھەموو مافەکانمان و سەرکەوتن بە سەر ھەموو سەختی و ناخۆشییەکاندا''.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ھاتووە: ''لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خەڵکی کوردستان بکەم، بۆ پشوودرێژی و خۆڕاگرییان کە ھاوکار و یارمەتیدەربوون بۆ ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بتوانێت رووبەڕووی قەیرانەکان ببێتەوە''.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغداش، مەسرور بارزانی دەڵێت: ''ھیوادارم حکوومەتی فیدرالی، ئەرکەکانی خۆی بۆ جێبەجێکردنی ھەمو خاڵە دەستوورییەکان بە جێ بھێنێت، بو ئەوەی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و ئاسایش لە ھەمو عێراقدا بچەسپێت''.
داوایشی لە ھاونیشتمانییان کردووە کە پابەندبن بە رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی، بەتایبەتی لە رۆژانی جەژنی نەورۆزدا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتایە، لە پێناو پاراستنی کۆمەڵگە بە گشتی و بەسەربردنی کاتێکی خۆشتر.