Heman Hussein Yaseen
24 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2020
ھەولێر - AA
بۆ جاری سێیەم بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان لە ھەولێر بە ھۆکارێکی نادیار سووتا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ زیاتر لە ٣٠٠ دوکانی بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان لە ھەولێر سووتا و تا ئێستاش تیمەکانی بەرگری شارستانی خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.
کاتژمێر چوار و ٤٥ خولەک ئاگرێک لە کۆڵانی تەڕەفرۆشانی بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان لە ھەولێر دروست بووە و دواتر ئاگرەکە تەواوی بازاڕەکەی گرتووە و زیاتر لە ٣٠٠ دوکان سووتاون و تا ئێستا ھۆکاری ئاگرەکە دیارنییە.
گوتەبێژی بەرگری شارستانی ھەولێر رائید سەرکەوت کاڕەش بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ئەوەندەی زانیاری ھەبێت کاتژمێر پێنجی بەیانی پەیوەندی بە ئێمەوە کراوە کە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان ھەیە، سەرەتا دوو ئوتومبێلی ئاگرکوژێنەوە لە بنکەی شارستانی نەورۆز گەیشتنە شوێنەکە و دواتر تیمەکانی دیکەی لێ ئاگادارکرایەوە کە ئاگرەکە گەورەیە و لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە، بەداخەوە ئەمە سێیەم جارە خەڵکی ھەژار زیانی بەردەکەوێت و ئەوەی لە توانای ئێمەدابوو ئەنجاممان داوە و ئێستاش سەرقاڵی پشکنینی شوێنەکەین بۆ ئەوەی بزانین کە تەواو ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە''.
لەبارەی زەرەر و زیانەکانیش، سەرکەوت کاڕەش گوتی: ''جارێ لیژنەیەک پێکھاتووە بۆ ئەوەی لە ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە و زەرەر و زیانەکانی بکۆڵینەوە، ھەروەھا تیمەکانمان سەلامەتن و تەنیا ئەوەی ھەیە لەکاتی ئاگرکەوتنەوەکە گەنجێک کارەبا لێیداوە و سەلامەتە''.
ئەمە سێیەم جارە لەکاتی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، ئەم بازاڕە ئاگر دەگرێت و جاری پێشوو لە رۆژی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠١٨ جارێکی دیکە ئەم بازاڕە ئاگری گرت و بەمھۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ دوکان سووتان و ئەمساڵیش لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان جارێکی دیکە زیاتر لە ٣٠٠ دوکان سووتاون.
بازاڕەکە بازاڕێکی میلییە و ٦٠٠ دوکان لەخۆ دەگرێت و شوێنەکە ئاوی بەرگری شارستانی تییادا نیە بۆ ئەوەی لەکاتی وەھا ئاگرکەوتنەویەک، ھاووڵاتییان بتوانن زوو ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، ھەروەھا بەھۆی تەنگی کۆڵانەکان، تیمەکانی بەرگری شارستانی نەیانتوانیووە بچنە ناو کۆڵانەکان و بەم ھۆیەوەش ژمارەی ئەو دوکانانەی سووتاون بەرزبووەتەوە بۆ ٣٠٠ دوکان.