Rewa Mahmood Hasan
14 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2022
چەمچەماڵ - AA
یادی کۆمەڵکوژی گەلی کورد بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومەت و کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال، لە مۆنیۆمێنتی ئەنفال لە قەزای جەمجەماڵ کرایەوە.
وەک نەریتێکی ساڵانە، بۆ رێزگرتن لە یادی قوربانیانی ئەنفال لە هەرێمی کوردستان، ئەو یادە لەسەر مۆنیۆمێنتی شەهیدانی ئەنفال لە قەزای چەمچەماڵ سەر بە ئیدارەی گەرمیان کرایەوە.

یادەکە بە خوێندنەوە چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز کە لە لایەن یەکێک لە کەسوکارەکانی ئەنفالەوە کرایەوە دەستی پێکرد. دواتر وەک رێزگرتنێک بۆ یادی شەهیدان، بەشداربووانی رێوڕەسمەکە خولەکێک بە بێدەنگی وەستان.
برگەی دواتری رێوڕەسمەکە خوێندنەوەی گوتاری وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، عەبدوڵای حاجی مەحمود بوو، کە بە هۆی ناڕەزایەتی بەشداربووانی رێوڕەسمەکە بە هۆی ئەوەی وەک خۆیان دەڵێن "نەبوونی خزمەتگوزاری بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان و ناوچە زیانبەرکەتووەکان"، رێگری لێکرا.