Sangar Hamad Azeez
10 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2017
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، نومان کورتوڵموش سەبارەت بە پەسندکردنی یاسای سیستەمی حوکمڕانی سەرۆکایەتی رایگەیاند: "لەگەڵ رەزامەندی دەربڕینی بەڕێز سەرکۆمار لەسەر پڕۆژە یاسای گۆڕانکاری دەستوور ئیدی چاو لە سەر کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانە. لەوانەیە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان رێکەوتی ١٦ی نیسان بە گونجاو بزانێت بۆ گشتپرسی، لەماوەی رۆژانی داهاتوودا بڕیار دەدرێت بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی لەماوەی ٦٠ رۆژدا".
لەبارەی بەهەڵە کردنە ئامانجی بینایەیەک کە سەربازانی سوپای تورکیای لەنێودابوون لەلایەن فڕۆکەی رووسییەوە لە ئەلباب، کورتوڵموش گوتی: "لە روانگەی ئێمەوە بە تەواوی لە رووداوەکە دەکۆڵرێتەوە و روون دەکرێتەوە. بەپێی زانیارییە بەراییەکان هەڵەی ژووری هەماهەنگییە، بەداخەوە رووداوێکە لە دەرەوەی ویست روویداوە. بە تەواوی رووداوێکە بەپێی زانیارییە بەراییەکان بەڵام لەوە دەکۆڵرێتەوە کە ئەمە چۆن روویدا، چۆن دەبێت هەڵەیەکی وا بەسەر ژووری هەماهەنگیدا تێپەڕبێت. ئەوە دەریدەخات کە پێویستی بە ژووری هەماهەنگی نزیکتر هەیە".