Aliia Raimbekova
15 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2020
نورسوڵتان - AA
لەنێوان ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی تورکیا و کۆمیتەی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانیی کازاخستاندا، یاداشتنامەی هاریکاری لە بواری بۆشایی ئاسماندا واژووکرا.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی پەرەپێدانی دیجیتاڵ، داهێنان و پیشەسازی بۆشایی ئاسمانی کازاخستان، سەرۆکی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی تورکیا، سەردار حوسێن یڵدرم لە چوارچێوەی سەردانە دوو رۆژییەکەیدا بۆ کازاخستان، لەگەڵ وەزیری پەرەپێدانی دیجیتاڵ، داهێنان و پیشەسازی بۆشایی ئاسمانی کازاخستان، باگدات موسین کۆبووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بابەتەکانی هاریکاری لە بواری بۆشایی ئاسماندا لەنێوان هەردوو وڵاتدا تاوتوێ کراوە.
هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، سەردار حوسێن یڵدرم بە یاوەری شاندەکەی سەردانی ناوەندی بۆشایی ئاسمانیی نیشتمانی کرد لە نورسوڵتان.
دواتر شاندەکەی تورکیا سەردانی بنکەی بۆشایی ئاسمانی بایکۆنور-ی کرد لە ویلایەتی کزڵئۆردا و تەماشای هەڵدانی کەشتی ئاسمانیی Soyuz MS-17ی کرد.
سەردار حوسێن یڵدرم هەروەها لەو سەردانەیدا لەگەڵ سەرۆکی کۆمیتەی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانیی کازاخستان، باوبەک ئۆرالماگامبێتۆڤ کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکەش یاداشتنامەی هاریکاریی لە بواری بۆشایی ئاسماندا واژووکرا.
سەردار حوسێن یڵدرم دوای رێوڕەسمی واژووکردنی یاداشتنامەکە لە لێدوانێکدا گوتی: ''ئەم بەڵگەیە دەستەبەری دەستپێکی هاریکاری پراکتیکی نێوان کۆمپانیا و دامەزراوەکانی بۆشایی ئاسمانی هەردوو وڵات دەستەبەر دەکات''.