Heman Hussein Yaseen
17 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 18 تەمووز 2021
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان بڵاویكردووهتهوه كه لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٩٤٢ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون و شهش حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە
وەزارەتەکە لە راگەیاندراوێکدا ئاماری پەیوەست بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی بڵاوکردووەتەوە و ئەوەی خستووەتەڕوو، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ئەنجامی ههشت ههزار و ٧١٤ پشکنین، ٩٤٢ تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، بەمشێوەیە: لە دهۆک ٧٦٣ حاڵەت، لە سڵێمانی ١١٤ حالەت و لە ھەولێریش ٦٥ حاڵەت تۆماركراون.
وەزارەتی تەندروستی ئاشکراشیکردووە، کە ھەر لەو ماوەیەدا شهش حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە کە دهۆک زۆرترین قوربانی بووە بە مردنی چوار حاڵەت و یهك حاڵهت له پارێزگای ههولێر، یهك حاڵهت له پارێزگای سلێمانی بووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا، وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە هەرێم، ٨٣٨ کەس لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەوەتەوە و ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە تا ئێستا گەیشتووەتە ٢٠٢ ھەزار و ١٣٤ حاڵەت، لەو ژمارەیەش چوار ھەزار و ٥٧٤ کەس گیانیان لەدەستداوە.