Şerife Çetin,Zahir Sofuoğlu
02 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2024
نیویۆرک ــ AA
نوێنەری ھەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمیر سەعید ئیرەوانی ڕایگەیاند، ئەو ھێرشە مووشەکییەی کە شەوی ڕابردوو لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ئیسرائیل، بەپێی مافی بەرگریکردن لەخۆ کە لە ماددەی ٥١ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ھاتووە، ئەنجامدراوە.
ئەمیر سەعید ئیرەوانی لە نامەیەکدا کە ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە، تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە شەوی ڕابردوو، سوپای پاسداران بە ئاراستەکردنی مووشەک، ژمارەیەک خاڵی سەربازیی و ئەمنی ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج.
باسی لەوەش کردووە ھێرشە مووشەکییەکە، لە وەڵامی پێشێلکارییەکانی "ڕژێمی زایۆنی" بۆ سەر خاک و سەروەریی ئێران، ئەنجامدراوە و ئاماژەی بەوەداوە کە یەکێک لە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سەروەریی ئێران، بریتی بوو لە تیرۆرکردنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، ئیسماعیل ھەنییە (لە کۆتایی مانگی تەمووزی ڕابردوو لە تاران).
ڕاشیگەیاندووە: "ھێرشە مووشەکییەکەی شەوی ڕابردوو، بەپێی بنەمای ئەخلاقی و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، تەنھا دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەکانی ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج، بەپێچەوانەی ڕژێمی زایۆنی کە خەڵکی مەدەنی بێتاوان دەکاتە ئامانج".
ئیرەوانی ھەروەھا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە بێدەنگی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ڕێگای بە ئیسرائیل داوە، ھەموو ھێڵە سوورەکان پێشێل بکات و ئەمەش ھیچ بژاردەیەکی بۆ ئێران نەھێشتووەتەوە جگە لەوەی کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بەرگریی لە خۆی بکات.
جەختیشی لەوەش کردووەتەوە کە ئێران ھۆشدارییەکی توندی داوە بە "ڕژێمی ئیسرائیلی تیرۆریست"، کە ئەگەر دەستدرێژی دیکە ئەنجام بدات، ئەوا تاران مافی خۆیەتی بەرگریی لە بەرژەوەندی، یەکپارچەیی خاک و سەروەرییەکەیدا بکات.
ھەروەھا ئەمیر سەعید ئیرەوانی ھۆشداری ئەوەی داوە کە ئەگەر ئیسرائیل ھێرشی دیکە بکاتە سەر تاران، ئەوا وەڵامی ئێران زۆر بەھێز، خێر و یەکلاکەرەوە دەبێت.
دوێنێ ئێران ڕایگەیاندبوو کە دەیان مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە (بە مەزەندی تەل ئەبیب ١٨٠ مووشەک بوون).