Can Efesoy
27 تشرینی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2024
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: "بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە بە ئەرێنیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست دەکەین لە لوبنان و، هیوادارین ئاگربەستەکە درێژخایەن بێت".
سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە بە ئەرێنیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست دەکەین لە لوبنان و، هیوادارین ئاگربەستەکە درێژخایەن بێت. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی گوشار لە ئیسرائیل بکات بۆ ئەوەی تەواو پابەندی ئاگربەستەکە بێت و قەرەبووی ئەو زیانە بکاتەوە کە بە لوبنانی گەیاندووە".
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە تورکیا ئامادەی پێشکەش کردنی پشتیوانی پێویستە بۆ بنیاتنانی ئاشتیی ناوخۆیی لە لوبنان و، هاتووە: "بەم بۆنەیەوە دەمانەوێت ئەوە وەبیربهێنینەوە کە پێویستە لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاشتیی و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا هەرچی زووە ئاگربەستێکی درێژخایەن و گشتگیر لە غەززە ڕابگەیەندرێت و ئیسرائیل کۆتایی بە سیاسەتی شەڕانگێزی بهێنێت".