Hemn Baban
17 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2018
ھەولێر-AA
سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە "مێری"، دلاوەر عەلائەددین دەڵێت ئەوانەی خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە دەنگ بە کێ دەدەن ئامانجی کاندیدەکانن و زۆر کارییان لەسەر دەکەن.
دەنگدەرە بێدەنگەکان ئەو زۆرینە دەنگدەرانەن کە ھێشتا خۆیان بۆ ھیچ لیست و قەوارە و بگرە بەربژێرێکیش یەکلایی نەکردووەتەوە، ئەممان وەکو ھەمیشە بەشێکیان یان ھەردەنگ نادەن یان چاوەڕوانی رۆژی پێش ھەڵبژاردن و ساتەکانی دوا بەدوای بانگەشە دەکەن بۆ ئەوەی تەواو قایل ببن بە بەرنامەیەک، کاندیدێک، حزب و قەوارەیەک، ئەممان کە ھەندێک پێی وایە نیوە و ھەندێکی تر وای بۆ دەچن زۆرینەی دەنگدەران بن تەواو جێی تەماح و چاوی بەربژێرەکانن.
بڕیارە ١٢ی ئایاری ئایاری داهاتوو، عێراق چوارەمین ھەڵبژاردنی بۆ دیاریکردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی خۆی لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ بەڕێوەببات کە تیایدا حەوت هەزارو ١٨٨ کاندید رکابەرایەتی لەسەر ٣٢٩ کورسیی پەرلەمان دەکەن.
لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ٢٠١٨ ژمارەی ئەو کەسانەی بۆیان ھەیە دەنگ بدەن بریتیین لە ٢٤ ملیۆن و ٣٣ ھەزار و ٤٩٤ کەس کە لەم ژمارەیە سێ ملیۆن و ٢٦٦ ھەزار و ٩٢ کەسییان لەوانەن کە بۆ یەکەمین جارە بەشداریی ھەڵبژاردنەکان دەکەن لە لەدایکبووانی ساڵەکانی ١٩٩٧، ١٩٩٨، ١٩٩٩، ئەمەش رێژەی ١٣،٥ لەسەدی کۆی ژمارەی دەنگدەران دەکات.
ھێشتا بەشێکی زۆری خەڵکی عێراق بڕیاریان نەداوە بەشداریی ھەڵبژاردنەکان بکەن کە ملیۆنەھا کەس دەبن، لەنێویاندا لە ھەرێمی کوردستانیشدا ھەن، ھەروەھا بەشێکی زۆری ئەوانەش ھێشتا دەنگەکانی خۆیان بۆ ھیچ حزب، قەوارە، کاندیدێک یەکلایی نەکردووەتەوە. لە بەرامبەریشدا زۆرێک ھەن کە خۆیان و دەنگەکانیشیان بە تاپۆی حزب و قەوارە و بەشێک لە کاندیدەکان دەزانن و ھەرچییەک بێت لە ھەموو ھەڵبژاردنەکان دەنگ بەو لایەنە دەدەن کە بەھەواداری خۆیانی دەزانن.
شارەزا لە کاروباری ھەڵبژاردن و رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، ھۆگر چەتۆ لەبارەی دەنگی خۆڵەمێشییەوە دەڵێت "ئەوانەی دەمێننەوە و تا دواسات بڕیاریان نەداوە دەنگ بدەن کۆمەڵێک ھۆکاری بنەڕەتی ھەیە کە وا دەکات ئەمان دەنگ بدەن یان نا، یان بەشدار بن یان نا لە پێش ئەوەشەوە، ھۆکاری یەکەم لە مەیاندا سەرھەڵدانی کوتلە و کیانی نوێیە، چونکە لە ھەڵبژاردنەکانی دنیای پێشکەوتوو دوو حزب بەردەوام رکابەرایەتیی دەکەن ھاووڵاتییان زۆر گرنگیی بەوە نادەن کە چەندە بەشداریی زۆر بێت، بۆیە بوونی ھێزی تازە بەشێکە لەو ئومێدەی خەڵک بڕیار بدات، بوونی کاندیدی بەھێز و بەرنامەی پاوەڕپێکراوی باش ئەمانەش کاریگەریان ھەیە لەسەر ئەوەی ئەو دەنگە خۆڵەمێشییە بێنە پێشەوە و بڕیار بدەن، ھەروەھا چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ھەڵمەتی بانگەشەیە، ھەروەھا مەسەلەی کڕینی دەنگ ئێستا لە عێراق ھاتووەتە کایەوە کە وا دەکات بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت ئەو دەنگە خۆڵەمێشییە بێنە پێشەوە و دەنگ بدەن".
دەنگە خۆڵەمێشییەکان زۆر لە دەنگی مسۆگەر جێگەی بایەخی بەربژێر و لایەنەکانی بانگەشەکارە، چوون ئەمان دەنگێکی زۆرن و شەڕ لەسەر ئەم توێژەیە کە زۆر یاری و ھاوکێشە یەکلایی دەکەنەوە.
ھۆگر چەتۆ لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "چوار تەمەنی تازە چوونەتە ھەڵبژاردن کە نزیکەی سێ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار دەنگ دەبن کە یەکەم جارە بەشدار دەبن و زۆر ئومێدییان بە ژیانی سیاسیی نییە و ئەمانە دەتوانرێت کارییان لەسەر بکرێت".
لەبارەی ئەوەی رێژەی دەنگی خۆڵەمێشی چەند دەبن لە عێراقدا شارەزاکەی بواری ھەڵبژاردن و رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی ھەڵبژاردنەکان گوتی: "پێوەری دوایین ھەڵبژاردن حساب بکەین کە قسە لەسەر ٦١،٨ دەکرێت خەڵک بەشداریی کردووە لە دەنگدان و نزیکەی ٣٩،٢ بەشدارییان نەکردووە کە ئەمە رێژەیەکی زۆرە، ئێستا قسە ھەیە لەبەر بارودۆخی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی وا بکات ئەو ژمارە و رێژەیە بەرز ببێتەوە و ببێتە پەنجا بە پەنجا".
ژمارەی کورسیی پارێزگاکانیش بەمشێوەیە لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق دابەش دەبن: بەغدا ٦٩، نەینەوا ٣١، بەسرە ٢٥، زی قار ١٩، سلێمانی ١٨، بابل ١٧، ئەنبار ١٥، ھەولێر ١٥، دیالە ١٤ ، کەرکووک ١٢ ، نەجەف ١٢، سەڵاحەددین ١٢، دھۆک ١١، قادسیە ١١، کەربەلا ١١، واست ١١، میسان ١٠و موسەننا ٧ ، ئەمە جگە لە دیاریکردنی ٩ کورسی بۆ کۆتای پێکھاتەکان کە لە بەغدا چوار کورسی بۆ ھەریەک لە پێکھاتەکانی مەسیحی، سابئە، نەینەوا سێ کورسی بۆ پێکھاتەکانی مەسیحی، شەبەک، ئێزدی، ھەولێر پێکھاتەی مەسیحی کورسییەک، ھەروەھا لە کەرکووکیش کورسییەک بۆ مەسیحییەکان تەرخانکراوە. کۆی گشتی ژمارەی کورسییەکانی ئافرەتانیش لە کۆی کورسییەکانی پەرلەمان بریتی دەبێت لە ٨٣ کورسی.
لەو ھەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لە ١٢ی مانگی داھاتوو دەیکات ھەرێمی کوردستان ٤٦ کورسیی ھەیە کە بەمشێوەیە دابەش بوون: ١٨ کورسی بۆ پارێزگای سلێمانی، ١٦ کورسی بۆ پارێزگای ھەولێر، پارێزگای دھۆکیش ١١ کورسیی ھەیە، ژمارەی کاندیدەکان لە ھەرێمی کوردستان ٥٠٣ کاندیدن، ٢٥ قەوارەی سیاسی کە لە ١٩ حزبی سیاسی پێکدێن، چوار ھاوپەیمانی و دوو کاندیدی تاک، ھەرچی پەیوەندە بە ژمارەی دەنگدەرانەوە سێ ملیۆن و ١٤٤ ھەزار و ٧٣٠ دەنگدەر کە دەکاتە رێژەی ١٣ لەسەدی کۆی دەنگدەرانی عێراق.
سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە "مێری"، دلاوەر عەلائەددین لەوبارەیەوە و لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت ھەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق لەوانی پێش خۆی جیاوازە، لەو رووەوە دەڵێت "ئەو ھەڵبژاردنەی داھاتوو زۆر جیاوازە لەوانەی پێش خۆی، ھەروەھا ئەنجام و شێوازی بەکارھێنانی بۆ دروستکردنی حکوومەتی داھاتوو گرنگ و جیاواز دەبێت، پێشتر کوتلەی سوننە، شیعە، کورد ھەبوون ئەگەر چی ژمارەی لایەنی کورد کە گەورە بوو زۆر گرنگ نەبوو چەندە، بەڵام ئەمجارە گرنگە، چونکە لایەنەکان بچووک بوونەتەوە و کوتلەکان خورد بوونەوە، بۆیە ئەمە لەم ھەڵبژاردنە کاریگەریی دەبێت لەسەر بەرگریی لە مافەکان و دەستگرتن بە دەستەکەوتەکان، رەنگە پێشبینی ھەبێت لەوەی کورد دەنگی کەم بێت، بەڵام موفاجەئاتیش ھەیە، چونکە لە دیوی شیعە و سوننەش ھەیە".
ھەروەھا دەشڵێت "شتێک ھەیە گرنگە دەبێت بیزانین، دەنگدان ماف نییە بە تەنھا، بەڵکو دەسەڵاتە، ھۆکاری فشارە، فشارە بۆ سەر بڕیاردەران و دەسەڵاتداران بۆ ئەوەی گەندەڵی کەم بکەنەوە و سیستەمی ئابووری چاک بکەن و سیستەمی حوکمڕانی باش بکەن و وا بکەن خەڵک لە خۆشی بژیین، لەکاتی دەنگدان ئەمە نەکەیت وایان لێ نەکەیت گوێت لێ بگرن لەکاتی تر بەزەحمەت دەکرێت".
لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە دەنگی خۆڵەمیشی ناوبراو روونی دەکاتەوە "کۆمەڵگەی دەنگدەر دوو جۆرە، یەکێکیان ئەوەیە کە پێشتر خۆی یەکلایی کردووە، ھەشیانە لە سیستەمەکە بێزارە و ھێشتا خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە کە ئەسڵەن دەنگ دەدات یان نا، یەکلایی نەبوونەوەی دەنگی ئەو دەنگدەرانەی کە ھەن ئەو ئامانجەن کە کاندیدەکان کە دەیانەوێت بە زۆری کاریان لەسەر بکەن، خەڵک گرنگە پێش وەخت بڕیار نەدات و لەسەر بنچینەی مانیفیستۆ و بەرنامەی ھەڵبژاردن دەنگ بدرێت، پێشتر بەپێی دابەشکاریی شیعە، سوننە، کورد خەڵک ھەڵبژاردنی دەکرد و لەنێو ئەو سێ لایەنە خەڵکی ھەڵدەبژارد، ئێستا خەریکە ئەو دیوارانە دەشکێت و عەرەبێک لە باشوورەوە دێت و لێرە بانگەشە دەکات، یان کوردێک لە بەغدا بانگەشە دەکات، ئەمەش گۆڕانکارییەکی باشە".
دەنگە بێ دەنگەکان ھاشوھوش و ھات و ھاواری بانگەشەی ھەڵبژاردن ناکەن، خۆشیان بۆ ئەو کاتانە دەھێڵنەوە کە جوڵانەوەی کاندید، حزب، بەرنامەیەکی ھەڵبژاردن ببێتە جێ سەرنجییان و پاڵییان پێوە بنێت پەنجەیان لە مەرەکەبەکاندا بنێن و دەنگ بۆ بەرپژێر یان حزبێک بدەن.