Sangar Hamad Azeez
09 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2016
حكوومەتی ئەمریكا ئەو هەواڵەی پشتڕاستكردەوە كە باس لەوە دەكات ئێران مووشەكی بالستیكی تاقی كردۆتەوە و رایگەیاند كە ئەم كارەی ئێران ناچێتە چوارچێوەی پێشێلكردنی رێككەوتننامەی ئەتۆمی بەڵام ئەگەری هەیە بابەتەكە بگوازرێتەوە بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان.
لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتەبێژی كۆشكی سپی جۆش ئێرنست باسی لە بابەتی تاقیكردنەوەی مووشەكی بالستیكی لەلایەن ئێرانەوە كرد.
ناوبراو گوتی: "تاقیكردنەوەی مووشەكی بالستیكی لەلایەن ئێرانەوە ناچێتە چوارچێوەی پێشێلكردنی رێككەوتننامەی ئەتۆمی، بەڵام ئەگەری هەیە بابەتەكە بگوازرێتەوە بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ئێستادا ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەكەین كە بابەتەكە بگوازینەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان یاخود نا".
لە لایەكی دیكەشەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیربی رایگەیاند كە لە نزیكەوە چاودێری بارودۆخەكە دەكەن.
كیربی گوتی: "ئەگەر بێتو ئەو هەواڵانە راستبن ئەوا هەنگاوی پێویست دەنێین و چاوپۆشی لە بابەتەكە ناكەین".
گوتیشی: "تاقیكردنەوەی مووشەكی بالستیكی لەلایەن ئێرانەوە پەیوەندی بە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە نییە، بەڵام هەوڵ دەدەین زانیاری زیاتر دەستبخەین، دەمەوێت بە روونی ئەوە بڵێم ئەگەر بێتو باباتەكە راست بێت، ئەوا پێشێلی رێككەوتننامەكەی نەكردووە بەڵام بابەتەكە دەبەینە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان".