Zana Natık Kerem
28 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2017
جنێڤ ــ AA
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە چوارچێوەی خولی هەشتەمی دانوستانەكانی جنێڤ لە بارەی سووریا، ،نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سووریا، ستافان دی مستورا یەكەم دیدارەكانی لەگەڵ شاندی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە ئامادەنەبوونی شاندی رژێم، دەست پێدەكات.
بە پێی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوەكانی ناو ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەست كەوتوون، یەكەم دیدار كە سەرۆكی شاندی ئۆپۆزسیۆن، نەسر حەریری دوێنێ دووشەممە راگەیاندبوو، ئەمڕۆ لە كاتژمێر (١٥:٠٠) بە كاتی گرێنچ ساز دەكرێت.
ئەمەش لە كاتێكدایە تا ئێستا هیچ دەنگۆیەك لە بارەی گەیشتنی شاندی رژێمی سووریا بە مەبەستی بەشداریكردن لە دانوستانەكانی كۆنگرەی جنێڤ هەشت بڵاونەبووەتەوە.
دوێنێ دووشەممە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سووریا، ستافان دی مستورا تا ئێستاش لەگەڵدا بێت بەشداریكردنی شاندی رژێمی سووریا لە خولی هەشتەمی دانوستانەكانی جنێڤی پشتڕاست نەكردووەتەوە.
ستافان دی مستورا گوتبووی: "نامەیەكمان بەدەست گەیشت كە ناوەڕۆكەكەی ئاماژە بەوە دەكات، شاندی رژێمی سووریا بەرەو جنێڤ بەرێناكەون، لەگەڵ ئەوەشدا ئاواتەخوازین بە زووترین كات بەرەو جنێڤ بەرێبكەون بۆ ئەوەی لە خولی هەشتەمی دانوستانەكانی جنێڤ بەشداری بكەن".
بە پێی ئەوەی ستافان دی مستورا بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راگەیاندبوو لەم خولەدا، پرسی پەیوەست بە دەستوور و هەڵبژاردنەكان لە سووریا تاوتوێ دەكرێت.