Muhammet Ali Kemal
20 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 20 حوزەیران 2017
پاریس- AA
لە فەڕەنسا سبەی کابینەی نوێی حکوومەت پێکدەهێنرێت.
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکوەزیران ئێدوارد فلیپی کە دوای هەڵبژاردنە گشتییەکان دەستی لەکار کێشابوویەوە، بەمەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت راسپارد.
چاوەڕوان دەکرێت ئێدوارد فلیپ تا سبەی کاتژمێر ١٨:٠٠ بەکاتی ناوخۆ، لیستی ناوەکانی نێو کابینەکەی پێشکەشی ئیمانوێل ماکرۆن بکات.
ئەو هاوپەیمانییەی کە بزووتنەوەکەی ماکرۆن سەرۆکایەتیی دەکات، لە خولی دووەمی هەڵبژاردنە گشتییەکانی فەڕەنسادا، ٣٥٠ کورسی پەرلەمانی لەکۆی ٥٧٧ کورسی بردەوە و بەو شێوەیەش بووە خاوەنی زۆرینە.
لەو هەڵبژاردنەدا کە ژمارەیەک رووداو بۆ یەکەمجار لەمێژوودا روویاندا، ٤٢٢ بەربژێر بۆ یەکەم جار هەڵبژێردران و توانییان ببنە پەرلەمانتار و بەو شێوەیەش لەسەدا ٧٥ی ئەنجوومەنی نیشتمانیی نوێبوویەوە.
بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەش، ئەو هاوپەیمانییەی کە پارتی کۆماریی راستڕەوی ناوەند سەرۆکایەتیی دەکرد، ١٣٧ کورسی ئەنجوومەنی نیشتمانیی بەدەستهێنایەوە و ئەو هاوپەیمانێتییەش کە پارتی سۆشیالیست رابەرایەتیی دەکرد، بووە خاوەنی ٤٥ کورسی.
پارتی بەرەی نیشتمانیی کە پارتێکی راستڕەوی توندئاژۆیە، تەنها ٨ کورسی ئەنجوومەنی نیشتمانیی بردەوە و ئەو هاوپەیمانییەی کە بزووتنەوەی فەڕەنسا ملکەچ ناکات، بەسەرۆکایەتی چەپڕەوی توندئاژۆ، یان لوک مەلەنکۆنی لەخۆدەگرت، ٢٧ کورسی ئەنجوومەنی نیشتمانیی بەدەستهێنا.