Sangar Hamad Azeez
16 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 17 مای,س 2016
لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ڤیسێنتی دیل بۆسکی ئاشکرایکرد کەوا ئارەزوو دەکات بۆ سێیەم جار لەسەر یەک نازناوی یۆرۆ بەدەست بهێنێت.
ناوبراو گوتی: "بەدەستهێنانی نازناوی جامی کیشوەری ئەورووپا بۆ دووجار لەسەر یەک، وا لە ئیسپانیا دەکات کە بەرپرسیارییەتیەکی زیاتری هەبێت لەم پاڵەوانییەتییەدا هەموومان ئارەزوو دەکەین کە بۆ سێیەم جار لەسەر نازناوەکە بەدەست بهێنین. لە هەمان کاتدا ئەوەش دەزانین کە رکابەرەکانمان زۆر بەهێزن".
سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی کە تەواوی میدیاکان تووشی شۆک بوون کاتێک یاریزانی ئەتلەتیک بلباو ئارتیز ئیدوریز ی تەمەن ٣٥ ساڵەی بانگهێشتی پێکهاتەی هەڵبژاردەکەی کردووەتەوە دیل بۆسکی گوتی: "ئەو یاریزانە ئێمەشی تووشی شۆک کرد لەبەر ئەوەی وەرزێکی زۆر سەرکەوتووی ئەنجام دا، وەک گیانی یانەکەی وابوو، ئیدوریز توانی لەئەمساڵدا زۆرترین گۆڵ تۆمار بکات بە بەراورد بە یاریزانەکانی دیکەی ئیسپانی".
ناوبراو درێژەی بە گوتەکانی داو گوتی: "بەهەمان شێوە دەرگامان واڵایە بەڕووی یاریزانی ئەتلەتیکۆ مەدرید فێرناندۆ تۆرێس کە ماوەی دوو ساڵە لە پێکهاتەی هەڵبژردەکەی دوورخراوەتەوە، ئیدوریز کە چەند ساڵێک بوو لە پێکهاتەی هەڵبژاردەکە دورخرابوووەوە، بەڵام ئێستا کە ئاستێکی باش پێشکەش دەکات هیچ رێگریەک نیە لە بانگهێشت کردنەوەی بۆ تۆرێسیش هەمان شتە".
دیل بۆسکی ئاشکرایکرد کەوا بیری لەوە کردووەتەوە لە دوای یۆرۆ واز لە راهێنەرایەتی بهێنێت و گوتی: "لە کاتی پێویست فیدراسیۆنی ئیسپانیا بڕیاری خۆی دەدات، بەڵام من وا بیر دەکەمەوە کە دوای هەڵبژاردەی ئیسپانیا هیچ ئەرکێکی دیکە نەگرمە ئەستۆ و واز لە راهێنەرایەتی بهێنم".