Ramal Mahmood
14 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2016
چاناکالە - AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، نومان کورتوڵموش بەشداری کرد لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی ساڵی خوێندنی ٢٠١٦-٢٠١٧ی زانکۆی Onsekiz Mart، و وانەیەکیشی بەناوی "لە سەد ساڵەی سایکس- پیکۆدا گۆشەنیگای ئاشتی" لە سەنتەری رۆشنبیری ترۆیا لە کەمپی زانکۆکە پێشکەش کرد.
کورتوڵموش رایگەیاند کە لەو باوەڕەدایە پێشکەشکردنی ئەو وانەیە دەبێتە هۆی ئەوەی لە پێشهاتەکان باشتر تێ بگەین. ئاماژەی بەوە دا کە یەک سەدە لەمەوبەر لایەنە براوەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی لەسەر مێزێک دانیشتن و رێککەوتن و بڕیاریاندا بە تایبەت بۆ دابەشکردنی جوگرافیای تورکیا.
کورتوڵموش سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا دوای تێپەڕبوونی سەد ساڵ هەوڵدەدەن رووداوەکانی هێنانەدی ئەو رێککەوتنە دووبارە بکەنەوە.
کورتوڵموش لەوبارەیەوە گوتی: "هیچ یەک لەو سنوورە جوگرافیانە رابردوویەکی مێژووویی و کولتووری نەبوو. بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی هەبێت سنووری تورکیا و سووریا-یان لەیەکتر جیاکردەوە. کێشانی سنوور لەنێوان ئاکچەکالە-گرێ سپی، نسێبین-قامیشلۆ و کۆبانێ- مورشیدپنار بەنموونە هێنایەوە. ئاماژەی بەوەشدا کە دواتر کۆمەڵێک کێشەیان لەو سنوورانە دروست کرد.
کورتوڵموش ئاماژەی بەوە دا کە سایکس-پیکۆ زیانێکی یەکجار زۆری لە سنووری خاکی سوننەکان دا و، گوتی: "لەبیرتان نەچێت دابەشکردنی خاکی دەوڵەتی عوسمانی و هێنانە گۆڕی رێککەوتنی سایکس-پیکۆ بەمەبەستی دەرهێنانی وزە بووە لەو ناوچانە. بۆیە دەبێت لەبەرامبەر ئەوان زۆر وریا و بە ئاگا بین".
نومان کورتوڵموش ئاماژەی بەوە دا کە لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی و چەندین رێکخراو دامەزراون لەسەر ئاستی نێودەڵەوتی کە نەیانتوانیووە کێشەکان چارەسەر بکەن و بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن دامەزراندنی بانکی نێودەوڵەتی و یونێسکۆی بەنموونە هێنایەوە.
کورتوڵموش جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هۆکارێکی سەرەکی سەرهەڵدانی تیرۆر ناسەقامگیری سیاسیی و ئابووریی و پەراوێزخستنی لایەنە سیاسییە جەماوەرییەکان و هۆکاری ئابووری و هەژاری و دەستوەردانی سەربازیی و داگیرکارییە. هەروەها گوتی: "لە سووریا سەرەتا جەنگی ناوخۆ دەستی پێکرد، دوای ئەوەی جەنگی بە وەکالەت. ئێستاش زۆری نەماوە بگاتە خاڵی ئەوەی ئەمریکا و رووسیا بیگەنە جەنگ لەگەڵ یەکتر کەئەمەش هەڕەشەیە لەسەر ناوچەکە و جیهانیش. بۆ ئەوەی پێش بەوانە بگرین و لەو شتانە رزگاربین و هەوڵەکانمان بە جدی بخەینە گەڕ".